|
بڵاوکراوهتهوه له لایهن : بهڕێوبهری گشتی
|
|
دووشەممە, 20 شوبات 2012 12:58 |
|
یانەی بەرشەلۆنە بەتۆمارکردنی 4 گۆڵی ئەستێرەکەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی لە کۆی 5 گۆڵ، یانەی ڤالێنسیا لە خولی ئیسپانیا تێک دەشکێن.
شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی گەڕانەوە و گەڕی 24ی خولی پلە یەکی ئیسپانیا لە یاریگەی کامپ نو مێوانداریی یانەی ڤالێنسیا کرد و توانی بەئەنجامی 5-1 گۆڵ یارییەکە بباتەوە و دووبارە باڵادەستی خۆی لە یاریی تۆپی پێی بنوێنێ، پێشتریش هەردوو یانەکە لە یاریی چووندا کە لە 21ی ئەیلوول/سێپتێمبەری پارساڵ هاتە ئەنجامدان بە 2 گۆڵ یەکسان بووبوون.
میسی لەو یارییەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد و توانی سوپەر هاتریک بۆ یانەکەی لە خولەکانی 22، 27، 76 و 85 تۆمار بکا و گۆڵی پێنجەمی یانەکەش لەلایەن چاڤی هێرناندز ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاست لە خولەکی 90 هاتە تۆمارکردن، تاکە گۆڵی یانەی ڤالێنسیاش لە خولەکی 9 لەلایەن پابلۆ بیاتی هاتە تۆمارکردن.
بەم ئەنجامە یانەی بەرشەلۆنە جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی رکابەری لە خولی پلە یەکی ئیسپانیادا بۆ 10 خاڵ کەم کردەوە و ئێستە بە 51 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی یانەکانە.
میسی بەتۆمارکردنی ئەو 4 گۆڵە کۆی گۆڵەکانی گەیاندە 27 گۆڵ و بەجیاوازی گۆڵێک لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیایی لە ریزبەندی دووەمی گۆڵکارانی خولەکە دێ.
هەر لە گەڕی 24ی خولی پلە یەکی ئیسپانیادا دوێنێ یەکشەم چەند یارییەکی تر هاتنە ئەنجامدان، گرانادا (4-1) ریال سۆسیداد، ئەتلەتیک بیلباو (3-0) مەلەگە، ریال مایۆرکا (4-0) ڤیاریال، سپۆرتینگ خیخۆن (1-1) ئەتلەتیکۆ مەدرید و لیڤانتی (3-5) رایۆ ڤالیکانۆ.
ئەمڕۆ هەر لە چوارچێوەی یارییەکانی ئەم گەڕەی خولی پلە یەکی ئیسپانیادا سات 23:00 بەکاتی ناوەخۆ یانەی ریال زەراگۆزا مێوانداریی یانەی ریال بیتیس دەکا.
|