ئێمە هەمانە 20 میوان سەرهێڵ
25 مۆری ساختەیان بەكاردەهێنا پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
بڵاوکراوه‌ته‌وه له‌ لایه‌ن : به‌ڕێوبه‌ری گشتی   
هەینی, 17 شوبات 2012 12:41

پۆلیسی فریاكەوتن لە شاری هەولێر باندێكی ساختەكردنی ناسنامە و گرێبەستی هاوسەرگیری دەستگیركرد، كە هەندێك لەو ناسنامە ساختانەی دروستیانكردووە، لە فەرمانگەكانی حكومەت كاریان پێكراوەو هەندێكشیان پێشینەی هاوسەرگیریان پێوەرگرتووە كە بڕەكەی پێنج ملیۆن دینارە.
دوو هەفتە لەمەوبەر لە گەڕەكێكی شاری هەولێر، پۆلیسی سێ كەسی دەستگیركرد، كە لە ماڵێكدا سەرقاڵی ساختەكردنی ناسنامەی باری كەسی و گرێبەستی هاوسەرگیری بوون. پۆلیس دەڵێ لەو ماڵەدا دەستیان بەسەر كۆمەڵێك بەڵگەنامە و ئامێر و مۆری ساختەكراودا گرتووە. بەپێی زانیاریەكانی پۆلیس بەهۆی كاری ئەو باندەوە “زیاتر لە 100 كەس توانیویانە پێشینەی هاوسەرگیری وەربگرن، بۆ هەر ساختەكردنێكیش بڕی 120 هەزار دیناریان وەرگرتووە”.
رائید سەران لەتیف، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند “ئەو سێ كەسە ناسنامەی باری كەسی ساختەیان دروستدەكرد، لە پاڵ ئەوەشدا گرێبەستی هاوسەرگیریشیان بە نایاسایی دروستدەكرد بۆ ئەوەی بە نایاسایی پێشینەی هاوسەرگیری وەربگرن”. نەقیب سەران گوتی ئەو باندە دوای دەستگیركردنیان تەسلیمی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان كراون.
رائید سەران زانیاری زیاتری لەبارەی ئەو باندە ئاشكراكرد و گوتی “ئەوانە ئامێری چاپكردن و 25 مۆری جۆراوجۆریان هەبوو، كە بەهۆی ئەو مۆرانە كارە ساختەكارییەكانی خۆیان ئەنجامدەدا لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكاندا دانیان بە تاوانەكانیان داناوە”. بەپێی قسەی رائید سەران، ئەو سێ كەسە تەمەنیان لەنێوان 25-30 ساڵدایە و دانیشتووی شاری هەولێرن، هەروەها دەڵێ “ئەوانە ماوەیەكە خەریكی كاری ساختەكاری بوونە، كارەكانیشیان زۆر بە وردی كردووە و بە جۆرێك فەرمانگەكانی حكومەت هەستیان بەو ساختەییە نەكردووەو چەندین كەس بەو مامەڵە ساختانەوە پێشینەی هاوسەرگیریان وەرگرتووە”.
مولازم محەممەد حەمید، ئەفسەری دەوریە و گوتەبێژی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، زیانیاری زیاتری لەبارەی چۆنیەتی دەستگیركردنی ئەو باندە بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی “بەر لە دوو هەفتە لە رێگەی كەسە تایبەت و باوەڕپێكراوەكانمان زانیاریمان بە دەست گەیشت كە چەند كەسێك بەڵگەنامە تەزویر دەكەن، بۆیە شوێنەكەمان دەستنیشانكرد و كەسەكان و بەڵگەنامەكانمان دەستبەسەركرد”. بەڵام دەڵێ تائێستا كەسیان لەوانە دەستگیر نەكردووە، كە بەڵگەنامە ساختەكانیان بەكارهێناوە.
سەبارەت بە سزا یاسایی ئەو سێ كەسە، یاساناس شاخەوان محەممەد دەڵێ بەپێی یاسا، سزای ئەو كەسانە زیندانیكردنە لە 3 ساڵەوە بۆ 6 ساڵ، چونكە لەم كارەیاندا مافی گشتیان پێشێلكردووە. ئەو یاساناسە گوتیشی “ئەوانەی لەلای ئەوان كاری ساختەكاریان بۆ كراوە، ئەوانیش بەپێی یاسا تاوانبارن بەڵام سزایەكەیان سووكترە”.

بینراوه: 147
(0)


busy
 

تێبینی : سلێمانی نێت به‌رپرسیار نیه‌ له‌ ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌کان که‌ له‌ماڵپه‌ر بڵاو ده‌کرێته‌وه ! به هیوای به‌سه‌ر بردنی کاتێکی بەسوود بۆ خوێنەران !