ئێمە هەمانە 20 میوان سەرهێڵ
حكومەتی عێراق مەرجی نوێ دەداتە ئیكسۆن مۆبیل پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
بڵاوکراوه‌ته‌وه له‌ لایه‌ن : به‌ڕێوبه‌ری گشتی   
هەینی, 17 شوبات 2012 12:35

وەزارەتی نەوتی عێراق مەرجی تازە دادەنێ بۆ كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل، بۆ پەشیمانكردنەوەی لە گرێبەستە نەوتییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان،كۆمپانیایەكی كۆریش لەپێناو رێگەپێدانی لە بەشداریكردن لە موزایەدەی چەند كێڵگەیەكی نەوتی عێراقدا،پشكەكانی خۆی لە كێڵگەی نەوتی بازیان دەفرۆشێتە كۆمپانیایەكی دیكە.
عەبدولمەهدی عەمادی، بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت و گرێبەستەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند مەرجە نوێیەكەی بەغدا بۆ كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل، ئەوەیە كە ئەوان دەتوانن لە باشووری عێراق درێژە بە كارەكانیان بدەن، بە مەرجێك گرێبەستەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێننەوە.
ناوبراو گوتیشی كە ئیكسۆن مۆبیل سەرپەرشتی پڕۆژەیەكی ئاوی لە نزیك ناوچەی قوڕنە لێسەندراوەتەوە، بەهۆی خاوی كاركردنی لەو پڕۆژەیەدا و دواكەوتنی، بەڵام رەتیكردەوە كە ئەوە پەیوەندی بە كێشەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەوە هەبێ، كە ئیكسۆن مۆبیل لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان مۆری كردوون.
چەندین مانگە حكومەتی عێراق، هەڕەشەی ئەوە لە ئیكسۆن مۆبیل دەكات، ئەگەر ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ حكومەتی كوردستان مۆری كردوون، هەڵنەوەشێنێتەوە، گرێبەستەكەی لەكاركردن لە كێڵگەی قوڕنەی باشووری عێراقی لێدەسەنێتەوە.
ئەو مەرجە نوێیانەش لەكۆتایی مانگی رابردوو لەلایەن عەبدولكەریم لعێبی، وەزیری نەوتی عێراقی دەرچوون، لەدوای كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل لە عێراق. لەوبارەوە عەبدولمەهدی عەمادی دەڵێ “كەمترین مەرجمان بۆ ئیكسۆن مۆبیل ئەگەر نەیەوێ گرێبەستەكەی قوڕنە لەدەستبدات، ئەوەیە كە بە نووسین ئاگادارمان بكاتەوە گرێبەستەكەی لەگەڵ كوردستان دەوەستێنێ”.
یەكێك لە ناكۆكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا لەسەر ئەو گرێبەستانەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیكسۆن مۆبیل، پەیوەندی بە سێ لەو كێڵگانەوە هەیە، كە بڕیارە ئیكسۆن مۆبیل كاریان تێدا بكات، چونكە كەوتوونەتە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان لە پارێزگای موسڵ، بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستاندان. لەوبارەوە عەمادی گوتی “حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆی نییە گرێبەست مۆر بكات، لەسەر ئەو كێڵگانەی كە لە دەرەوەی سنووری كوردستانن”.
ئێكسۆن مۆبیل، گەورەترین كۆمپانیای نەوتی جیهانە. لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، نوری مالیكی لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا زۆر گوشاری خستە سەر كۆشكی سپی تاوەكو ئیكسۆن مۆبیل ناچار بكات ئەو گرێبەستانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سەرنەكەوت. ئێستا كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل خەریكی ئۆفیس دانانە لە هەرێمی كوردستان.
لەلایەكی دیكەوە دەسەڵاتدارانی حكومەتی بەغدا ، بەشێوەیەكی سەرەتایی رەزامەندییان نیشانداوە كە كۆمپانیای SKInnovationی كۆریای باشوور بەشداری لە قۆناخی چوارەمی موزایەدەی كێڵگە نەوت و غازییەكانی عێراق بكات، دوای ئەوەی پشكێكی خۆی لە كێڵگەیەكی نەوتی كوردستان فرۆشتە كۆمپانیای KNOCی كۆری. چونكە بەپێی بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق هەر كۆمپانیایەك گرێبەستی نەوت و غاز لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ببەستێ ، دەخرێتە لیستی رەشەوەو هیچ پڕۆژە و گرێبەستێكی لەلایەن حكومەتی بەغداوە پێنادرێت.
عەبدولمەهدی عەمادی، بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت و گرێبەستەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی “بەشداریكردنی ئەم كۆمپانیا كۆرییە، بەشێوەیەكی كاتی دواخرا، بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكە پشكێكی هەیە لە كێڵگەی نەوتی بازیان لە هەرێمی كوردستانی عێراق، بەبێ ئەوەی رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی هەبێت”.
هەروەها بەغدا رایگەیاند كە كۆمپانیای SK بۆی هەیە بەشداری لە پڕۆسەی فرۆشتنی ئاشكرای كێڵگە نەوت و غازەكانی عێراق بكات، لە دوای ئەوەی پشكەكەی كێڵگەی بازیانی فرۆشتووە بە كۆمپانیای KNOCی كۆری.
بڕیارە پڕۆسەی فرۆشتنی ئەو كێڵگانەی عێراق لە مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بینراوه: 88
(0)


busy
 

تێبینی : سلێمانی نێت به‌رپرسیار نیه‌ له‌ ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌کان که‌ له‌ماڵپه‌ر بڵاو ده‌کرێته‌وه ! به هیوای به‌سه‌ر بردنی کاتێکی بەسوود بۆ خوێنەران !